سەرەرای جۆرە جیاوازەکانی ڕاپۆرت و ووردەکارییان، بەڵام بەگشتی بۆ نووسینی ڕاپۆرتێکی ستاندارد و بێ کێشە و ڕەسەن (کۆپی نەکراو) پێویستمان بەم خاڵانەیە:
یەکەم: باشترین بەرنامە بۆ نووسینی ڕاپۆرت و ئاسانترینیان بریتییە لە بەرنامەی (Word) لەبەرئەوەی چەندین تایبەتمەندی تێدا بەردەستە کە یارمەتیت دەدات بۆ ڕێک و پێککردنی ڕاپۆرتەکەت و ئاسانە بۆ بەکارهێنان، بۆ ئەوانەشی کە بە ئینگلیزی دەنووسن دەتوانن بەرنامەی (Grammarly) بەکاربهێنن تاکو هەڵە نووسینەکییەکانیان ڕاست بکەنەوە و پاشان کۆپی بکەنە بەرنامەی (ۆڕد).
دووەم: نووسینی هەر ڕاپۆرتێک پێویستە بە چەند قۆناغێکدا بڕوات ئەوانیش:
1. ئەو ناونیشانەی کە هەڵیدەبژێریت دەبێت هیچ نەبێت بە کورتی هەندێك زانیاریت لەسەری هەبێت و باکگراوندێكت هەبێت لەو بابەتە.
2. پێش دەستپێکردنی ڕاپۆرتەکە دەبێت بەشی نووسینەوەی ڕاپۆرتەکە زانیاری و سەرچاوە بخوێنیتەوە، چی کتێب بێت یاخود توێژینەوەکان، سایتی Z-lib یەکێکە لەو سایتانەی کە ملیۆنان کتێبی زانستی و خۆڕایی بەردەست ئەکات بۆ هەرکەسێك کە بیەوێت، هەروەها سایتی Researchgate یەکێکە لەو سایتانەی کە ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەی خۆڕایی تێدا بەردەستە، سەرەڕای بوونی چەندین سایت و سەرچاوەی دیکە کە ئۆفەری خۆڕاییان هەیە.
3. دەبێت ئەو زانیاریانەی کۆتکردۆتەوە بەپێی ڕاپۆرتەکەت ڕێکیان بخەیت.
4. دەست بکەیت بە نووسینی ڕاپۆرتەکەت.
5. پێداچوونەوە و چاککردنەوەی هەڵەکان و ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکەتە کە هەنگاوی کۆتاییە.
سێیەم: پێویستە ئێمە هەیکەلی ڕاپۆرت (پێکهاتەکانی) بزانین تاکو بزانین کە چۆن ڕێکی دەخەین، ڕاپۆرت بە گشتی و بێ ووردەکاری، پێکهاتووە لە:
1. Title page - پەڕەی ناونیشان: تێیدا ناونیشانی ڕاپۆرتەکەت و زانیارییەکانی وەک زانکۆ، بەش، قۆناغ، ناوی خۆت و مامۆستاکەت دەنووسیت، وەك لە وێنەکەی خوارەوەدا ئاماژەی پێکراوە.
2. Summary - پوختە: لەم بەشەدا پوختەیەک دەنووسیت دەربارەی ڕاپۆرتەکەت کە ئایا باسی چی دەکات، بەڵام نابێت ووردەکاری ڕاپۆرتەکە لێرەدا بخەیتە ڕوو تەنها پوختەیەک، و دەبێت لە نیو لاپەڕە زیاتر نەبێت.
3. Table of Contents - پێڕست: تیایدا پێڕستی بابەتەکان و ژمارەی لاپەڕەکانیان دەنووسرێت، کە دەتوانیت ئۆتۆماتیکی و بێ خۆ ئەزیەت دان و بە بەکارهێنانی فۆنتەکانی Headings دروستی بکەیت.
4. پێشەکی - Introduction: ئەم بەشە وەک ئامادەکارییەک وایە بۆ چوونە ناو ڕاپۆرتەکە، تیایدا بە ووردی ئامانجی ڕاپۆرتەکە و ئەو چەمکانەی کە هەیە ڕوونی دەکەیتەوە کە خوێنەر پێویستی پێیەتی پێش ئەوەی بچێتە بەشەکانی دواتر.
5. مێتۆد - Methods and Materials: ئەم بەشە تیایدا باس لەو کەرەستە، سەرچاوە، ڕێگای نووسینانە دەکەیت کە لە ڕاپۆرتەکەت بەکارتهێناوە، بۆ نموونە ئایا سوودت لە تێکست بووک وەرگرتووە یان ڕیسێرچ یان سایتە موعتبەرەکانی پەیوەست بە بابەتەکە یاخود هەموویان یان .....هتد.
6. ئەنجامەکان - Results: لێرەدا ئەو نەتیجانە دەخەیتە ڕوو کە لە ئەنجامی گەڕانەکانتا دەستت کەوتووە، ئەمە درێژترین بەشی ڕاپۆرتە تیایدا دەتوانیت وێنە، دایاگرام، یاخود هەر شتێك دەتەوێت بەکاریبهێنیت، دەتوانیت ئەم بەشە بکەیتە خاڵ خاڵ و هەر خاڵێک باسی چەمکێک و نەتیجەیەك بکەیت.
8. دەرئەنجام - Conclusion: تیایدا گرنگترین خاڵەکانی ڕاپۆرتەکەت دەخەیتە ڕوو، و دەکرێت دووبارە بیری خوێنەر بخەیتەوە کە گرنگی ڕاپۆرتەکەت لە چیایا و لە کۆتایدا دەگەیتە چی دەرئەنجامێك.
9. لیستی سەرچاوە - Bibliography: تیایدا سەرچاوەکانت دەنووسیت، و نووسینی سەرچاوە ڕێسا و تایبەتمەندی خۆی هەیە ئەگەر کتێب بێت، یاخود ڕیسێرچ یاخود ئەرتیکڵێک ئۆنڵاین و سایت بێت، نابێت لینکی سایت ڕاستەوخۆ کۆپی بکرێت و ڕێگەیەکی زانستی نییە بەو شێوەیە، لە خودی بەرنامەی (ۆڕد) دەتوانیت سەرچاوەکانت بە یاسای خۆی ئاماژە پێ بدەیت.
چوارەم: فۆنت سایزی ستانداردی ڕاپۆرت بریتییە لە 12 و سەر بابەتەکانیش دەبێت گەورەتر بن، و فۆنتی Times new , ali-k-samik, ali-k-alwand, roman ، Arial فۆنتێکی ستاندارد و زۆر بەکارهێنراوە.