بۆ ساڵى خوندنى 2020-2021 و بەتەنها لەسنورى کارى بەرێوەبەرێتى پەروەردەى رۆژئاوادا نزیکەى 4 هەزار خوێندکار تاقیکردنەوەى دەرەکى قۆناغى 12ى ئامادەیى ئەنجام دەدەن، کە لەو ژمارەیە 1500 خوێندکاریان تاقیکردنەوەى بەراییان بۆ دەکرێت.
لەوبارەیەشەوە، چیا عەبدوڵا لێپرسراوى هۆبەى ئەزمونەکان لە بەرێوەبەرێتى پەروەردەى رۆژئاوا رایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خویندن سەرجەمى داواکارییەکانى خوێندکاران بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى دەرەکى بۆ قۆناغى 12ى ئامادەیى بە بەشەکانى (زانستى و وێژەیى و پیشەیى و بازرگانى) لە سنورى پەروەردەى رۆژئاوادا گەیشتۆتە 3982 داواکارى، کە ئەو داواکاریانەش ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى یەک بابەت و دوو بابەت و چاکردنى تێکراى نمرەکانیش دەگرێتەوە.
وتیشى: بەپێى پلانى خوێندنى ساڵ بڕیارە لە ٢٠٢١/٣/٦ بەپێى خشتەى وەزارەتى پەروەردە دەست بە ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى بەرایى بۆ خوێندکاران بکرێت و پەروەردەى رۆژئاواش وەک ساڵانى رابردووى تەواوى ئامادەکارییەکانى بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان ئەنجامداوەو خویندکارانی دەرەکیش بەپێى خشتەو پلانێک بەسەر قوتابخانەو ناوەندەکانى خوێندنى سنورى پەروەردەدا دابەش دەکرێن.